
"سه‌رکرده‌یه‌ک‌و گه‌لێک وێنه‌ن بۆ ده‌سه‌ڵاتدارێک‌و ملیۆنان کۆیله"
.
شانۆی بێهوده‌یی:
ئه‌بسۆرد له سه‌رچاوه‌دا وشه‌یه‌کی لاتینی بووه، که به واتای ناهه‌موار، پووچ، یاخود بێ واتا به‌کارهاتووه. به‌ڵام بێهوده‌یی وه‌ک فه‌لسه‌فه، به‌و بناغه‌یه داهاتووه، که باوه‌ڕبێ به‌وه‌ی مرۆڤ بوونی له نێو جیهانێکی نائاوه‌زیداirrational هه‌یه، جیهانێکه، که واتای تیادا نییه meaninglessو به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی له‌و نائاوه‌زی‌و بێ واتاییه بیگۆڕێ، پێویستی به ململانێیه‌که له‌گه‌ڵ ئه‌م جیهانه‌یدا، به واتایه‌کی‌تر ئه‌و ململانێیه‌شی ناچارییه‌و چاره‌نووسییه‌و هه‌ر ده‌بێ ملی بۆ بنێ، ئه‌مه‌ش تراژیده‌که‌یه‌تی. یه‌که‌م که‌س، که ئه‌م وشه‌یه‌ی به‌م واتایه به‌کارهێناوه فه‌یله‌سووفی دانیمارکی سۆرین کێرکگارد Kierkegaard بووه، که باسی ئایینی کرستیانی کردووه، گوتوویه‌تی: "بێهوده‌ییه‌که له بێهوده‌یی، چونکه هیچ مرۆڤێ ناتوانێ له ناوه‌ڕۆکه‌که‌ی تێ‌بگا." دوای فه‌یله‌سووفی فه‌ڕه‌نسی ئه‌لبێر کامۆ ئه‌م زاراوه‌یه‌ی له کێڵگه‌ی وێژه‌دا ورووژاندووه، به تایبه‌تی له رۆمانه‌که‌یدا (نامۆ L Etranger) (1942)و له شانۆی بێهوده‌ییدا، که له ساڵانی په‌نجای سه‌ده‌ی رابردوودا سه‌ری هه‌ڵدا، جگه له ئه‌بێر کامۆ له‌سه‌ر ده‌ستی چه‌ند که‌سانێ بوو، وه‌ک: ژان پۆل سارته‌ری فه‌ر‌ه‌نسی (1905 ـ 1980) (ساڵی 1964 خه‌ڵاتی نۆبڵی پێ به‌خشراوه)، جان جینێی فه‌ڕه‌نسی، ئۆجین یۆنیسکۆی بۆلگاری، ساموئێل پێکێتی فه‌ڕه‌نسی، ئارته‌ر ئادامۆڤی رووسی، هارۆڵد په‌ینته‌ری ئینگلیزی، سیبسۆنی ئینگلیزی، تۆم ستۆپاردی ئینگلیزی، ئێدوارد ئۆلبیی ئه‌مریکی. ئه‌م که‌سانه کۆمه‌ڵێ ئه‌دیبی لاو بوون، به قووڵی نوقمی کاریگه‌ریی ده‌ره‌نجامه‌کانی هه‌ردوو جه‌نگی جیهانیی یه‌که‌م‌و دووه‌م بوون، هیچ روویه‌کی پۆزه‌تیڤیان له هۆکارو ده‌ره‌نجامی ئه‌و دوو جه‌نگه‌دا بۆ سوودو قازانجی مرۆڤایه‌تی نه‌ده‌بینی، به‌ڵکو به لایانه‌وه دیارده‌یه‌ک بوو جۆره ده‌روونێکی لای مرۆڤ خوڵقاند، که بڕوای به هیچ واتایه‌ک‌و به هیچ رووناکییه‌ک بۆ ژیان‌و چاره‌نووسی نه‌مێنێ. نه‌ک هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵکو بووه هۆی ئه‌وه‌ی مرۆڤی سه‌رده‌مه‌که هه‌ستی ته‌نیایی‌و گۆشه‌گیری‌و دوودڵی‌و بێهوده‌یی به‌رامبه‌ر به ژیانی‌و چاره‌نووسی له لادا دروست ببێ، جگه له خوێنڕژان‌و کاره‌سات‌و برسێتی‌و ماڵوێرانی، که ماوه‌یه‌کی زۆر مرۆڤ پێوه‌ی ده‌یناڵاند. ئه‌وه‌ی شایانی باسه، یه‌که‌م کۆمه‌ڵه له‌م جۆره لاوانه له ساڵانی سیدا له سه‌ده‌ی بیستدا په‌یدا بوون، به‌رهه‌مه‌کانیان جۆرێکی نوێ بوو له درامای شانۆیی دژ به داکه‌وت، له رووی شێوازی هه‌نه‌ری‌و له رووی بیر‌و ناوه‌ڕۆکه‌وه. به‌ڵام سانۆی بێهوده‌یی به خه‌سڵه‌ته ته‌واوه‌که‌ی له سه‌ره‌تای ساڵانی په‌نجای سه‌ده‌ی رابردووه‌وه ده‌ستی پێ‌کرد. به تایبه‌تی له ساڵی 1953، که (سامۆئێل پێکێت) (1906 ـ 1989) شانۆگه‌ریی (له چاوه‌ڕوانی گۆدۆدا Waiting for Godot)ی پێشکه‌ش کرد. ئه‌م شانۆگه‌رییه پڕی بوو له ته‌م‌و مژیی بیر‌و نه‌دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر. پڕی بوو له هێما به ئه‌کته‌ری زۆر که‌مه‌وه. نه‌ریتی تیادا شکابوو. کۆتایی تیادا کراوه‌بوو. پرساری بێ وه‌ڵام بوو. کاتی تیادا زۆر کورت بوو، شوێنی تیادا زۆر ته‌نگ بوو، تیایدا چاوه‌ڕوان ده‌کرا (گۆدۆ) بێت، به‌ڵام (گۆدۆ) کێ بوو، که‌ی ده‌هات‌و که‌ی ده‌گه‌یشت؟ چیی بکا‌و چی پێشکه‌ش بکا!. سه‌یر له‌وه‌دایه ئه‌م (گۆدۆ)یه تاکو ئێستاش هه‌ر چاوه‌ڕوان ده‌کرێ بێت‌و هه‌ر نایه‌ت.
سامۆئێل پێکێت به‌هۆی ئه‌م شانۆگه‌رییه‌وه بوو به یه‌که‌مین رابه‌ری شانۆی بێهوده‌یی، ئه‌گه‌رچی پێش ئه‌م (ئه‌لفڕێد جاریAlfred Jarry) (1873 ـ 1905) سێ شانوگه‌ریی نووسیوه، که هه‌مووی باس له که‌سایه‌تییه‌ک ده‌کا، که ناوی (ئۆبۆ)یه، له شانۆگه‌ریی (ئۆبۆی پاشا)و (ئۆبۆی مێردی خه‌ڵه‌تاو)و (ئۆبۆی کۆیله)دا ناوی هاتووه. ره‌خنه‌گران ده‌ڵێن ئه‌م سێ شانۆگه‌رییه هه‌نگاوی سه‌ره‌تایی بوون بۆ داهاتنی شانۆی بێهوده‌یی له ساڵانی په‌نجادا. (جاری) له‌م شانۆگه‌رییانه‌یدا ویستوویه‌تی گاڵته‌جاڕی به‌رامبه‌ر به‌و بیره فه‌لسه‌فییانه بکا، که باوه‌ڕیان به میتافیزیک‌و به ناژیربێژی هه‌بووه. هه‌ر بۆیه ناوی فه‌لسه‌فه‌که‌ی خۆی ناوناوه (پاتافیزیک). ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه‌ی (جاری) شۆڕشێکی له شانۆی جیهانی رۆژئاوادا خوڵقاند، کاریگه‌ریی هێماگه‌رانی ئه‌وروپای زۆر له‌سه‌ر بووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا کۆتی سێ توخمه‌که‌ی کلاسیکییه‌که‌ی ئه‌ڕیستۆی له شانۆ شکاندووه. بێهوده‌گه‌رانیش رێچکه‌ی ئه‌م رێبازی شکاندنه‌یان گرتووه. واته ته‌وا له نه‌ریته‌که‌ی ئه‌ریستۆ یاخی بوون. له نه‌ریتی دیاریکردنی کات، شوێن، رووداو له درامادا. دیاره بێهودییه‌کان نه‌ک هه‌ر له نه‌ریته ئه‌ریستۆییه‌که، به‌ڵکو له نه‌ریتی هه‌موو مێژووی شانۆ یاخی بوون. ئیتر بڕیاریاندا نووسینه‌کانیان به شوێنێکی بچووکه‌وه گرێ بدرێ، وه‌ک بۆ نموونه له پاڵ تاقه دره‌ختێ له شانۆگه‌ریی (له چاوه‌ڕوانی گۆدۆدا)، یاخود شانۆگه‌ریی (کورسییه‌کان)، هه‌روه‌ها بڕیاریاندا کات به‌لایانه‌وه هیچ گرنگیی ئه‌وتۆی نه‌بێ. ته‌نانه‌ت بوونی گرێ، یاخود رووداویشیان له دراماکانیاندا هه‌ر نه‌هێشت. شانۆنامه‌یان کرد به یه‌ک په‌رده، ژماره‌ی ئه‌کته‌ره‌کانیان زۆر که‌م کرد. به‌ڵام زۆر بایه‌خ‌و گرنگییان به دیالۆگ دا، دیالۆگی ته‌م‌و مژاوی‌و پچڕپچڕو په‌رت‌و بڵاو له‌نێو بابه‌تدا. که‌سایه‌تییه‌کان هه‌موو بدوێن بێ ئه‌وه‌ی ئه‌میان له‌ویان تێ‌بگا. به راده‌یه‌ک هه‌ندێ له ئه‌کته‌ره‌کان له کۆتایی شانحنامه‌که‌دا بێنه قسه‌و له یه‌ک دوو وشه زیاتر هیچ نه‌ڵێن. شانۆنووسی ئینگلیزی (هارۆڵد په‌ینته‌ر) له شانۆگه‌ریی (گارسۆنی لاڵ)دا گه‌یشته ئه‌و راده‌یه‌ی که‌سایه‌تییه‌که‌ی هه‌ر به لاڵ بهێڵێته‌وه. (هارۆڵد پينته‌ر) به دوواییه نووسه‌ری شانۆی بێهوده‌یی ده‌ژمێردرێ، له ساڵی 1930دا له‌دایکبووه، له ساڵی 2005دا خه‌ڵاتی نۆبڵی بێ به‌خشراوه.
بێگومان بزووتنه‌وه‌ی شانۆی بێهوده‌یی درێژه‌پێدانی چه‌ند جۆره بزووتنه‌وه‌یه‌کی شانۆیی‌تر بوو، وه‌ک: کۆمیدیای تاریک، یاخود کۆمیدیای ره‌ش، یاخود کۆمیدیای سه‌خت‌و سوریالیزم، که به‌ناوبانگترین به‌رهه‌می شانۆییان شانۆگه‌رییه‌که‌ی (جۆن ئۆزبۆڕن) بوو به ناونیشای (به تووڕه‌ییه‌وه ئاوڕ له دوای خۆت بده‌ره‌وه)، که ده‌ربڕینی هه‌ڵوێستی تووڕه‌یی بوو له ده‌ره‌نجامه خوێناوییه نامرۆڤایه‌تییه‌کانی مه‌رگه‌سات‌و کاره‌ساتی جه‌نگی جیهانیی یه‌که‌م.
شانۆی بێهوده‌یی سه‌ره‌تاکه‌ی به جۆرێ دیار بوو بێ به‌رنامه‌بێ‌و بێ ئامانج بێ، کۆتاییه‌که‌شی دیار‌و روون نه‌بێ. ئه‌مه ره‌نگدانه‌وه‌ی ده‌ربڕینی ئه‌و هه‌سته بوو به‌رامبه‌ر به نادیاری‌و ناڕوونیی چاره‌نووسی مرۆڤایه‌تی. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که‌سێکی وه‌ک سامۆئێڵ پێکێت بۆ ئه‌و به‌رهه‌مه بێهودییانه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵی پێ به‌خشرا.
شانۆی بێهوده‌یی کاریگه‌ریی فه‌لسه‌فه‌ی بوونگه‌ریی به توندی هاته سه‌ر. بوونگه‌ری ته‌وژمێکی فه‌لسه‌فی بوو به‌های بیر‌و ئازادی‌و خواست‌و هه‌ڵبژاردنی مرۆڤی تاکی به‌رز ده‌نرخاند، که نوقمی ره‌شبینی‌و نامۆیی بوو. بوونگه‌ری باوه‌ڕی ره‌های به بوونی مرۆڤایه‌تیی مرۆڤی تاک هه‌بوو، به تایبه‌تی له ئه‌نجامی کاردانه‌وه‌ی خراپی ده‌سه‌ڵاتی کنیسه‌و کاردانه‌وه‌ی مه‌رگه‌ساتی جه‌نگی جیهانیی دووه‌م له‌سه‌ر مرۆڤی تاکی نێو کۆمه‌ڵگای ئه‌وروپا. شانۆی بێهوده‌ی له رووی روانگه‌ی ره‌هایی چاره‌نووسی مه‌رگه‌ساتیشه‌وه له ساتیره‌ی گریکیشه‌وه هه‌ر نزیک بوو، به تایبه‌تی له رووی خواستنی شێوازی ده‌ربڕینی شیعرییه‌وه. به‌ڵام جیاوازیی روانگه‌ی ره‌هایی چاره‌نووسیی شانۆی بێهوده‌یی له‌گه‌ڵ شانۆی گریکیدا ئه‌وه‌بوو، که چاره‌نووس له شانۆی گریکیدا دیاربوو، به‌ڵام له شانۆی بێهوده‌ییدا دیارنه‌بوو، به واتایه‌کی‌تر وه‌کو ئاماده‌نه‌بوونی (گۆدۆ) ئاماده‌نه‌ده‌بوو.
لایه‌نێکی‌تر له سیمای بیری بێهوده‌ییه‌کان له ده‌قه شانۆییه‌کانیاندا ئه‌وه بوو، که باوه‌ڕیان وا بوو، که زمان نه‌یده‌توانی مرۆڤ به مرۆڤه‌وه ببه‌ستێته‌وه، نه‌یده‌توانی په‌یوه‌ندیی باش له نێوان مرۆڤ‌و مرۆڤ دروست بکا. بۆیه له ده‌قه شانۆییه‌کانیاندا زمانی گاڵته‌جاڕییان ده‌کرد به ئامڕازه هونه‌رییه‌کانی ئه‌و دیالۆگ‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی نێوان مرۆڤ‌و مرۆڤ. ئه‌و باره‌یان ده‌رده‌خست، که درزێکی یه‌کجار گه‌وره له نێوان مرۆڤه‌کاندا بوونی هه‌یه. ئاوێته‌بوونی مرۆڤه‌کان هه‌ر رواڵه‌تین‌و قووڵییان تێدا نییه. هۆکاری ئه‌وه‌ش ملکه‌چبوونی مرۆڤه‌کانی سه‌رده‌مه بۆ شارستانییه‌تی داڕماوی بێ به‌هاو بێ بناغه‌و نامۆیی‌و به‌ربه‌ره‌ڵایی. به کورتی، له نێوه‌ندی ته‌وژمه ئه‌ده‌بییه‌کاندا، که له نێوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه هاتنه‌کایه‌وه، ئه‌ده‌بی بێهوده‌یی راستگۆیانه‌ترین ده‌ربڕین‌و خوێندنه‌وه‌و ره‌خنه‌گه‌ری بوو بۆ نیشاندانی داکه‌وتی جیهانی بۆش‌و به‌تاڵی مرۆڤی تاک.
شانۆگه‌ریی کالیگولا:

هه‌ڵبه‌ت یه‌کێ له لوتکه‌کانی ده‌قی شانۆی بێهوده‌یی، شانۆگه‌ریی (کالیگولا)یه. ئه‌م ده‌قه شانۆییه به‌ناوبانگترین نووسینی شانۆیی ئه‌لبێر کامۆ بووه، له ساڵی 1937دا نووسیویه‌تی، که پاش ئه‌وه‌ی کتێبی (دوانزه قه‌یسه‌ر)ی ده‌ستکه‌وتووه‌و خوێندوویه‌تییه‌وه، ئه‌م کتێبه کاتی خۆی مێژوونووسی رۆمانی )سويتۆنيوس(Suetonius دایناوه. کامۆ له‌م کتێبه‌وه کاراکته‌ری (کالیگولا)ی هه‌ڵبژاردووه، که سێیه‌مین قه‌یسه‌رانی رۆم بووه. کالیگۆلا له ته‌مه‌نی بیست‌و پێنج ساڵیدا، له ساڵی 37ی زایینی بووه به ئیپراتۆری (رۆما)، بۆ ماوه‌ی چوارده ساڵ له‌سه‌ر ته‌خت ماوه‌ته‌وه تا له ساڵی 41ی زایینی به پیلانێ له لایه‌ن بکوژانییه‌وه، که هه‌ر پیاوانی کۆشکی ئیمپراتۆری بوون، کوژراوه. که‌واته به‌سه‌رهاتی شانۆگه‌رییه‌که‌ی کامۆ به‌سه‌رهاتێکی مێژووییه‌و زۆربه‌ی پاڵه‌وانه‌کانی له مێژووه‌وه و‌ه‌رگرتووه، به‌ڵام ده‌ستپێکردنی به‌سه‌رهاتی شانۆنامه‌که له‌و کاته‌وه‌یه، که (دروزیلا) خوشکی (کالیگولا)یه، هه‌روه‌ها ئه‌وینداریشێتی، ده‌مرێ‌و بۆی ده‌بێ به کاره‌ساتێکی گه‌وره‌و تراژیدیای شانۆنامه‌که‌ی لێ دروست ده‌بێ. مردنی (دروزیلا) به لای (کالیگولا)وه ده‌بێ به هێما بۆ ئه‌و راستییه‌ی، که "ژیان چونکه مردنی تێدایه، له‌به‌ر ئه‌وه بێهوده‌ییه، ئه‌وه‌ی له بێهوده‌ییش رزگاری بکا، ده‌ست گه‌یشتنه به مه‌حاڵ." بۆیه (کالیگۆلا) به‌لایه‌وه گرنگ نه‌بووه، که (دروزیلا) مردووه، به‌ڵکو گرنگ به لایه‌وه ئه‌وه بووه، مانگ به ده‌ست بگرێ، واته مه‌حاڵ به ده‌ست بگرێ. مرۆڤ، که ده‌ژی، چونکه مردنێ له‌به‌رده‌میدایه، که‌واته گه‌یشتنی به به‌خته‌وه‌ری مه‌حاڵه. گه‌یشتنیش به مه‌حاڵ، ره‌نگه رووی زه‌ویی پێ بگۆڕێ، مردن له به‌رده‌می مرۆڤدا نه‌هێڵێ‌و ژیانی بکاته به‌خته‌وه‌رییه‌کی ئه‌به‌دی. بۆیه به پێی ئه‌و لۆجیکی بێهوده‌ییه‌ی، که هه‌ڵوێستێکی ره‌وشتیی میتافیزیکیی لێ دروست ده‌بێ، مرۆڤ هه‌رچییه‌کی بوێ‌و ئاره‌زووی له هه‌رچییه‌ک بێ، به‌وپه‌ڕی ئازادییه‌وه پێی ده‌گاو به ده‌ستی دێنێ، تا ئه‌و راده‌یه‌ی ده‌گاته ئاستی شێتی. به‌ڵام مرۆڤ له‌پێناو مانه‌وه‌ی ژیانی خۆی، ئه‌گه‌ر ئازادیی ره‌های هه‌بێ‌و مه‌حاڵی له‌ده‌ستدا بێ، ده‌گاته ئه‌و ئاسته‌ی نزیکترین که‌سانی ده‌وروبه‌ری خۆیشی له‌نێو به‌رێ‌و ئه‌وینی داوێنپیسی له‌گه‌ڵ ژنی نزیکترین هاوڕێ‌و خزمی خۆیشیدا بکا. له شانۆنامه‌ی (کالیگولا)دا ئه‌و مه‌حاڵ گرتنه ده‌سته ده‌بێته هۆی ئه‌و ئه‌نجامه‌ی پیاوسالارانی کۆشکی ئیمپراتۆریی رۆما به رابه‌رایه‌تیی (شیریا) له (کالیگولا)ی ئیمپراتۆر یاخی ببن‌و لێی راپه‌ڕن‌و پیلانی کوشتنی بۆ بسازێنن‌و بیکوژن‌و له‌نێوی به‌رن.
ئه‌لبێر کامۆ له نێوه‌ڕۆکی ئه‌م ده‌قی شانۆییه‌وه مه‌به‌ستی ده‌رخستنی مه‌رگه‌ساتێکه له مه‌رگه‌ساته‌کانی نێو مێژووی ژیانی مرۆڤایه‌تی، به‌رهه‌مێکی توند‌و تیژه له‌و به‌رهه‌مانه‌ی شه‌پۆلێکی رۆشنبیری‌و هونه‌ریی ساڵانی سی‌و چلی سه‌ده‌ی رابردووی نیشانداوه، که له ئه‌نجامی دڕنده‌یی باری جه‌نگی جیهانیی یه‌که‌م‌و دووه‌م هاته کایه‌وه، که تیایدا به‌های مرۆڤ چووه سه‌ر ئاستی به‌های ئاژه‌ڵ‌و هه‌ستی به بێهوده‌یی‌و ناماقووڵیی ژیان کرد.
کامۆ له‌م ده‌قه شانۆییه‌یدا باری مێژوویی (کالیگولا) به دۆخێکی بێهوده‌یی ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه به‌ستۆته‌وه، که تیایدا مردنی (دروزیلا)و کۆدی نهێنیی بێهوده‌یی ژیان بدۆزێته‌وه. هه‌روه‌ها هه‌ڵوێستی یاخیبوونی له دژی ئه‌و باره بێهوده‌ییه‌ش نیشانداوه. ئه‌م شانۆگه‌رییه، که بۆ یه‌که‌مجار له ساڵی 1945دا له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ له پاریس نمایش کراوه، بینه‌ره‌کانی زیاتر روانیویانه‌ته ناوه‌ڕۆکه سیاسییه‌که‌ی، به‌هۆی ئه‌وه‌ی که‌سایه‌تیی (کالیگولا) زۆر له که‌سایه‌تیی (هیتله‌ر)ه‌وه نزیکه، یاخود ئه‌و ره‌وشت‌و بیرکردنه‌وه دیکتاتۆرییانه‌ی (کالیگولا) وه‌ک بیری نازییه‌کانه، بۆیه هه‌ر له یه‌که‌م پێشکه‌شکردنییه‌وه ناوبانگی ده‌رکردووه، جگه له‌وه‌ی له رووی هونه‌رییه‌وه داڕشتنێکی درامیی به‌رزو شێوازێکی هونه‌ری‌و ئه‌ده‌بیی جوانی هه‌یه، چونکه هه‌ر له سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنییه‌وه ده‌بێته رشته‌یه‌ک هه‌ڵوێستی لۆجیکی‌و به ئه‌نجامێکی پوخته‌ی ته‌واو دژایه‌تیی دراماکه کۆتایی پێدێ.
ئه‌لبێر کامۆ: پوخته‌ی ژیانی‌و به‌رهه‌مه‌کانی

له 14ی مانگی حوزه‌یرانی ساڵی 1830دا پادشای فه‌ڕه‌نسا (شارڵی دووه‌م) بڕیارێکی ده‌رکردووه بۆ ناردنی هێرشێکی سه‌ربازی ده‌ریایی بۆ داگیرکردنی (جه‌زائیر)، که ئه‌و داگیرکردنه، که به سه‌د هه‌زار فه‌ڕه‌نسی‌و ئیسپانی‌و ئیتاڵی‌و ماڵتی ته‌نانه‌ت سویسری‌و ئه‌ڵمانیش کراوه، ماوه‌ی سه‌دو سی‌و دوو ساڵی خایانددوه. ئه‌و ده‌مه جه‌زائیرییه‌کان سێ ملیون زیاتر بوون، به‌ڵام، له‌و ماوه‌ی سه‌دو سی‌و دوو ساڵه‌دا، که که‌وتوونه‌ته به‌ر شاڵاوی کوشتن‌و بڕین، ژماره‌ی عه‌ره‌به جه‌زائیرییه‌کان دابه‌زیوه بۆ که‌متر له یه‌ک ملیۆن. ئیدی موسوڵمانه عه‌ره‌به جه‌زائیرییه‌کان له نێوه نیشتمانی خۆیاندا بوون به که‌مایه‌تی، ته‌نها له دوو شاری گه‌ور‌دا نه‌بێ، که جه‌زائیری پایته‌خت‌و شاری (وه‌هران) نه‌بێ.
ئه‌لبێر کامۆAlbert Camus ، که منداڵی یه‌کێ بووه له‌و خێزانه فه‌ڕه‌نسیانه‌ی له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌وه له جه‌زایر نیشته‌جێ بوون. له 7ی تشرینی دووه‌می ساڵی 1913 له شاری (مه‌ندوفی) له جه‌زائیر له‌دایکبووه. باوکی خه‌ڵکی فه‌ڕه‌نسا بووه‌و له کارگه‌یه‌کی شه‌راب دروستکردن کرێکار بووه، به‌ڵام دایکی ئیسپانی بووه. واته کامۆ، ئه‌گه‌رچی له جه‌زائیر له‌دایکبووه‌و زۆربه‌ی ته‌مه‌نی ژیانی له‌و وڵاته‌دا به‌سه‌ر بردووه‌و هه‌ر له‌وێشدا مردووه، به‌ڵام له بنه‌ماڵه‌دا جه‌زائیری نه‌بووه. که ئاگری جه‌نگی گێتیی یه‌که‌م ساڵێ بووه هه‌ڵگیرساوه، باوکی ئه‌لبێر کامۆ وه‌ک سه‌ربازێکی فه‌ڕه‌نسی که‌وتۆته ئه‌و جه‌نگه‌وه‌و له شه‌ڕی (ماڕان)دا به سه‌ختی بریندار بووه‌و پاش چه‌ند رۆژێ له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌ی نه‌خۆشخانه‌دا گیانی له‌ده‌ست داوه. ئیتر کامۆ هه‌تیو بووه. هه‌ر وه‌کو خۆی له یه‌کێ له یادداشتنامه‌کانیدا نووسیویه‌تی، ده‌ڵێ: "منیش وه‌کو منداڵێ‌تر له‌گه‌ڵ ده‌نگی ده‌هۆڵی جه‌نگدا به هه‌تیوی گه‌وره‌بووم، جه‌نگێ، که زنجیره‌یه‌ک بوو له کوشتن‌و بڕین‌و زوڵم‌و زۆرداری.
کامۆ له دوای مردنی باوکی له‌گه‌ڵ دایکی‌و خاڵێکی ئیفلیج‌و نه‌نکێکی پیرو برایه‌کی له خۆی گه‌وره‌تر، که ناوی (لۆسیان) بووه، چوونه‌ته گه‌ڕه‌کێکی هه‌ژارانه له شاری ئه‌لجه‌زائیر، که به گه‌ڕه‌کی (بلکۆر) ناسراوه. له خانوویه‌کی کۆندا نیشته‌جێ بوون ته‌نها دوو ژووری تێدا بووه. بۆ بژێویی خێزانه‌که، دایکی کامۆ بووه به کرێکارێکی باروودخانه. پاش ماوه‌یه‌کیش بۆته به‌خێوکه‌ری منداڵانی خێزانه ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان. به‌و جۆره ئه‌م خێزانه به نه‌بوونی‌و کوێره‌وه‌ری ژیاون.
له ساڵی 1918 چۆته قوتابخانه‌ی‌کی سه‌ره‌تایی تا ساڵی 1923، دوای ئه‌وه چۆته قوتابخانه‌یه‌کی ئاماده‌یی، به ناوی (لیسێی فه‌ڕه‌نسایی له جه‌زائیر) تاکو ساڵی 1930. له‌و ساڵه‌دا تووشی نه‌خۆشیی سیل هاتووه. نه‌خۆشییه‌که به جۆری ته‌نگی پێهه‌ڵچنیوه، که ناچاربێ له خێزانه‌که‌ی دابڕێ‌و بچێته لای خاڵێکێ، که پیشه‌ی قه‌سابیی کردووه، ناوی (ئاکۆ) بووه. ماوه‌یه‌ک له لایدا وه‌ک شاگردی قه‌ساب ماوه‌ته‌وه، به‌ڵام پاشان ئه‌وێشی به‌جێهێشتووه‌و چووه له لای چه‌ند که‌سانێکدا ژیاوه. ئیتر له‌و ماوه‌یه‌دا خولیا‌و ئاره‌زووی خوێندنه‌وه‌و نووسینی ئه‌ده‌ب بووه. ئاندرێ ژیدی له نزیکه‌وه ناسیوه‌و هه‌موو به‌رهه‌مه‌کانی خوێندۆته‌وه. له‌و ماوه‌یه‌شدا په‌یه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌ندێ مامۆستای ئه‌ده‌ب‌و فه‌لسه‌فه‌دا په‌یدا ده‌کا، به تایبه‌تی مامۆستا (پۆڵ ماتیێ)و مامۆستا (ژان جینێ)، هه‌روه‌ها رۆماننووسی به‌ناوبانگ (ئه‌ندرێ ماڵرۆ). له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سایه‌تییانه‌دا ده‌چێته ریزی بزووتنه‌وه‌ی چه‌پڕه‌وی له دژی هیتله‌رو نازیه‌کان، که له ساڵی 1932ه‌وه ده‌سه‌ڵاتیان له ئه‌ڵمانیادا گرتۆته ده‌ست‌و له دژی فاشیسته‌کانی ئیتاڵیا. له لیژنه‌یه‌کی چه‌پڕه‌ویدا، که (پێنری پاپێس)و (رۆمان رۆڵان) پێکیانهێناوه به‌شداریی کردووه. له ساڵی 1934دا به مه‌به‌ستی پشتگیری‌کردن له باری سیاسی له ئیسپانیا، که بۆته هۆی جه‌نگی ناوخۆی ئیسپانی چۆته ریزی (پارتی کۆمۆنیستی فه‌ڕه‌نسی)یه‌وه. واته له‌به‌ر ئه‌وه نه‌بووه، که باوه‌ڕی به ئایدیۆلۆجیه‌تی مارکسیزم ـ لینینیزم بێ. له‌و ساڵه‌دا ژنێکی عه‌ره‌بی جه‌زائیری هێناوه، به‌ڵام له پاش ساڵێ لێی جیابۆته‌وه. بۆ دووه‌م جار ژنێکی فه‌ڕه‌نسیی له‌دایکبووی شاری (ئه‌لوه‌هران)ی هێناوه، ناوی (فڕانسین فاور) بووه. له‌و ژنه کوڕێک‌و کچێکی بووه، ناوی لێناون (ژان)و (کاترین).
له دوای خوێندنی (لیسێ) له ساڵی 1935 بڕوانامه‌ی لیسانسی وێژه‌ی له زانکۆی ئه‌لجه‌زائیر له به‌شی فه‌لسه‌فه پێبه‌خشراوه. بۆ وه‌رگرتنی بڕوانامه‌ی دیپلۆمی باڵا (ئه‌گریگاسیۆن)یش له ساڵی 1936 نامیلکه‌یه‌کی نووسیوه ده‌رباره‌ی (نیوپڵاتۆنیزم) په‌یوه‌ندیی نێوان بیری نهێڵستی له‌لای ئیفڵاتوون‌و ئایینی مه‌سیحی له‌لای (سانت ئۆگستینۆس)، به‌ڵام نه‌گه‌یشتۆته ئه‌و قۆناغه‌ی بڕوانامه‌که‌ی پێ ببه‌خشرێ‌و نه‌خۆشییه‌که‌ی زۆر به توندی کار له ته‌ندروستیی کردووه. ئه‌گه‌رچی ده‌ست له کار‌و چالاکیی نووسین هه‌ڵنه‌گرتووه، به‌ڵکو زیاتر له نووسین قوو‌ڵبۆته‌وه.
له ساڵی 1936ه‌وه تا ئه‌و کاته‌ی ئه‌ندامی پارتی کۆمۆنیست بووه، که‌وتۆته نێو ژیانی شانۆوه‌و یه‌که‌م شانۆگه‌ریی وه‌کته‌ر به‌شداریی تیادا کردبێ، شانۆگه‌رییه‌ک بووه، که له چیرۆکێکی (ئه‌ندرێ مالڕۆ)وه وه‌رگیراوه، که به ناونیشانی (سه‌رده‌می رق) بووه. هه‌ر خۆیشی تیپێکی شانویی پێکهێناوه به ناوی (شانۆی کارکردن)و له 24ی مانگی ئاداری ساڵی 1937دا به بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی سه‌د ساڵ به‌سه‌ر مردنی (پۆشکین)ه‌وه شانۆگه‌ریی (دۆن ژوان) ئاماده‌کردووه‌و تیپه‌که‌شیانکردووه، خۆیشی رۆڵی وه‌ک ئه‌کته‌رێ له‌و شانۆگه‌رییه‌دا بینیوه. هه‌ر له‌و ساڵه‌دا به‌شداریی له چالاکی کردووه دژی داگیرکردنی جه‌زائیر له لایه‌ن فه‌ره‌نساوه‌و داوایی سه‌ربه‌خۆیی بۆ ئه‌و وڵاته کردووه. بێگومان ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی به دڵی هاوڕێیانی نه‌بووه له پارتی کۆمۆنیست، بۆیه به لایه‌نگری ترۆتسکی‌و دژ به ستالین له‌قه‌ڵه‌میان داوه.
له سه‌ر‌تای ساڵی 1937ه‌وه خه‌ریکی کاری رۆژنامه‌گه‌ری بووه، زۆرترین وتاره وێژه‌یی‌و فه‌لسه‌فی‌و رامیارییه‌کانی له رۆژنامه‌ی (ئه‌لیژێ ریبیلیکان)دا بڵاوکردۆته‌وه.
له کۆتایی ساڵی 1937دا به‌هۆی ناکۆکییه‌کانی نێوان پارتی کۆمۆنیست‌و پارتی گه‌لی جه‌زائیر، که به سه‌رکردایه‌تیی (مصاڵح ئه‌لحاج) بووه، وازی له کۆمۆنیستی هێناوه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له چالاکییه‌کانی دژی نازییه‌کان‌و فاشیسته‌کان نه‌که‌وتووه، به‌رده‌وام هه‌ڵوێستی خۆی به‌رامبه‌ر رووداوه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی خۆی نیشانداوه، چ به نووسین‌و رۆژنامه‌گه‌ری‌و چ به کۆڕگرتن‌و کۆبوونه‌وه، هه‌ر وه‌کو خۆی ده‌لێ: "یه‌که‌م شت، که پێویسته بیکه‌ین ئه‌وه‌یه، که کۆڵ نه‌ده‌ین‌و زۆر گوێ له‌و که‌سانه نه‌گرین، که بۆ نزیکبوونه‌وه‌ی کۆتاییهاتنی جه‌نگ نوقڵانه لێد‌ه‌ده‌ن." سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستیشی به‌رامبه‌ر به‌و ناپاڵمه‌ی، که هاویژراوه‌ته سه‌ر شاری (هێرۆشیما)، ده‌ڵێ: "شارستایی ئامێری وا ئێستا گه‌یشتۆته ئه‌وپه‌ڕی راده‌ی دڕندایه‌تی."
له سه‌ره‌تای ساڵی 1938ه‌وه کامۆ ده‌ستی کردووه به نووسینی رۆمانی (نامۆ)و یه‌که‌ین شانۆگه‌ریی نووسیوه، به ناوی (کالیگولا)، به‌ڵام به هۆی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی جیهانیی دووه‌مه‌وه نه‌یتوانیوه ئه‌و شانۆگه‌رییه پیشکه‌ش بکا، بۆیه تاکو ماوه‌ی شه‌ش ساڵ هه‌ر به ده‌ستنووسی ماوه‌ته‌وه.
ساڵی 1939، که جه‌نگی جیهانیی دووه‌م ده‌ستی پێکردووه، کامۆ به‌هۆی نه‌خۆشی نه‌کراوه به سه‌رباز، به‌ڵام به‌هۆی باری ناهه‌مواری بژێویی‌و به‌هۆی زه‌برو زۆردایی ده‌سه‌ڵاتداران له‌و سه‌رده‌مه وڵاتی جه‌زائیری به‌جێهێشتووه‌و پێش ئه‌وه‌ی نازییه‌کان له ساڵی 1940دا فه‌ره‌نسا داگیر بکه‌ن، چۆته پاریس، به‌هۆی هاوڕێیه‌کییه‌وه، که (باسکال بیا) بووه، کاری رۆژنامه‌گه‌ریی له رۆژنامه‌ی پاریسی ئێواران (پاریس سوار)دا ده‌ستکه‌وتووه، توانیویه‌تی له نووسینی رۆمانی (نامۆ)که‌یشی بێته‌وه. هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا به نووسینی نامیلکه‌یه‌ک کردووه به ناونیشانی (ئه‌فسانه‌ی سیزیف)، که تیایدا به ته‌واوی رێبازی بێهوده‌یی نیشانداوه، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵکو له پێشه‌کییه‌که‌یدا نووسیویه‌تی، که مه‌به‌ستی له دانانی ئه‌و کتێبه ئه‌وه نییه، که فه‌لسه‌فه‌یه‌ک بۆ بێهوده‌ی دابنێ، به‌ڵکو مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه ئه‌و هه‌سته بێهوده‌ییه نیشان بدا، که لای مرۆڤ دروست بووه.
نازییه‌کان، که پاریس داگیر ده‌که‌ن، کامۆ چووه بۆ شاری (کلیرمۆن) له خوارووی فه‌ڕه‌نساو دوای ئه‌وه چووه بۆ شاری (لیۆن)و تاکو کانونی دووه‌می ساڵی 1941 له‌وێدا ماوه‌ته‌واه.. هه‌روه‌ها له ده‌رکردنی رۆژنامه‌ی (کۆمبا)دا تا ساڵی 1945دا به‌شدارییکردووه. شایانی باسه، یه‌که‌مین ژماره‌ی ئه‌و رۆژنامه‌یه به شێوه‌یه‌کی ئاشکرا له ساڵی 1943دا ده‌رچووه. ئه‌لبێر کامۆ له‌ته‌ک (باسکال بیا)دا سه‌رپه‌رشتیی ئه‌و رۆژنامه‌یه‌یان کردووه. له‌پاڵ ئه‌مه‌شدا له رۆژنامه‌ی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانی باشوودا کار‌و چالاکیی کردووه.
که نازییه‌کان به ته‌واوی له فه‌ر‌ه‌نسادا بڵاوبوونه‌ته‌وه، کامۆ رووی کردۆته‌وه وڵاتی جه‌زائیرو له شاری (ئه‌لوه‌هران)دا جێگیر بووه. ماوه‌یه‌ک له یه‌کێ له په‌یمانگا فێرگه‌ییه تایبه‌ته‌کاندا له شاری ئه‌لوه‌هران خه‌ریکی وانه وتنه‌وه بووه. له‌م شاره‌دا له مانگی شوباتی ساڵی 1941 له نووسینی نامیلکه‌ی (ئه‌فسانه‌ی سیزیف)ه‌که‌ی بۆته‌وه‌و ده‌ستی کردووه به ئامه‌ده‌کردنی رۆمانی (تاعوون).
بۆ چاره‌سه‌رکردنی نه‌خۆشییه‌که‌ی له جه‌زائیره‌وه ناچار بووه گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ فه‌ڕه‌نسا، به‌ڵام چاره‌سه‌ره‌که‌ی بێهوده بووه‌و زیاتر ئازاری خواردووه‌و هه‌ر به زیندوویی تامی مردنی چێشتووه، باری جه‌نگیش رێگه‌ی نه‌داوه بتوانێ دووباره بگه‌ڕێته‌وه بۆ جه‌زائیر تا ئه‌و کاته‌ی فه‌ڕه‌نسا له ژێر چنگی نازییه‌کان رزگارکراوه. له ساڵی 1942دا چۆته هه‌رێمی باکووری فه‌ڕه‌نساو له‌وێدا چۆته ریزی کۆمه‌ڵه‌یه‌کی چه‌پڕه‌و به ناوی (خه‌بات). تا کۆتایی ساڵی 1943 له شاری (لیۆن)و (سانت ئیتین) ماوه‌ته‌وه، پاشان له لایه‌ن ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ی خه‌باته‌وه به نهێنی نێرراوه بۆ چالاکیی سیاسی له پاریس. هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا شانۆگه‌رییه‌کی نووسیوه به ناونیشانی (به‌هه‌ڵه‌داچوون)، که له ساڵی 1944دا خۆی ده‌رهێناوه. هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا، که به نهێنی له پاریس بووه، دوو نامه‌ی بۆ هاوڕێیه‌کی ئه‌ڵمانی نووسیوه، هه‌روه‌ها بووه به هاوڕێی شاعیرێکی لاو، که ناوی (رینێ لینۆ) بووه‌و نازییه‌کان له‌و ساڵه‌دا له قه‌ناره‌یان داوه. به نهێنی ده‌قی شانۆگه‌ریی (کالیگولا)ی به چاپ گه‌یاندووه، له ساڵی 1945دا خراوه‌ته سه‌ر ته‌ختی شانۆ‌و نمایش کراوه، پاش ئه‌وه‌ش شانۆگه‌رییه‌کی‌تری خراوه‌ته سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ به ناونیشانی (باری ئابڵوقه)، که جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆی له‌گه‌ڵ رۆمانی (تاعوون)ه‌که‌یدا نییه.
کامۆ ساڵی 1949 شانۆنامه‌یه‌کی به ناونیشانی(دادپه‌روه‌ره‌کان) له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆی (هبرتۆ) له پاریس نمایش کراوه. هه‌ر له‌و ساڵه‌دا چۆته ئه‌مریکای لاتین، به‌ڵام نه‌خۆشییه‌که‌ی کوشنده‌یی بووه، بۆیه ناچار بووه به په‌له بگه‌ڕێته‌وه بۆ پاریس. له ساڵی 1950دا کتێبێکی بڵاوبۆته‌وه به ناونیشانی (گرفته‌کانی سه‌رده‌م)، که بریتی بووه له کۆمه‌ڵێ وتاری سیاسی، که له نێوان ساڵانی 1944 تا 1848دا نووسیونی.
له ساڵی 1951دا کتێبی (مرۆڤی یاخیبوو)ی بڵاوبۆته‌وه. له‌و ساڵه‌دا ناکۆکییه‌کی زۆری له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی بیر له‌گه‌ڵ (ژان پۆڵ سارته‌ر)دا بووه. (سیمۆن دی بۆڤوار) له کتێبی (رۆشنبیره‌کان)دا ئه‌م ناکۆکییه‌ی زۆر به جوانی باسکردووه.
کامۆ ساڵی 1952 له فه‌ڕه‌نساوه گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ جه‌زائیرو دیسان گه‌راوه‌ته‌وه بۆ پاریس، له‌وێ کراوه به به‌ڕێوه‌به‌ری شانۆی (ریکامێ). ساڵی 1953 خه‌ریکی ده‌رهێنانی شانۆیی بووه. له پاڵ ئه‌وه‌دا به‌رگی دووه‌می کتێبی (گرفته‌کانی سه‌رده‌م)و کتێبێکی‌تری به ناونیشانی (هاوین) به چاپ گه‌یاندووه.
ساڵی 1956 رۆمانی (که‌وتن)ی نووسیوه. ساڵی 1957 کۆمه‌ڵێ چیرۆکی له توێی کتێبێک‌دا به ناونیشانی (دوورخراوگه‌و نیشتمان)، پاشانیش کۆمه‌ڵه وتارێکی له توێی کتێبێک‌دا به ناونیشانی (پشت‌و روو) بڵاوکردۆته‌وه. له کۆتایی ئه‌و ساڵه‌دا، که ته‌مه‌نی 44 ساڵ بووه، له پاداشتی رۆمانی (تاعوون)ه‌که‌ی خه‌ڵاتی پێ به‌خشراوه. بیرۆکه‌ی سه‌ره‌کیی ئه‌م رۆمانه‌ی ده‌چێته‌وه سه‌ر ئه‌و کاریگه‌رییه‌ی، که رۆمانه‌که‌ی (هێرمان مالڤێڵ) به ناونیشانی (مۆبی دایک) له‌لایدا به‌جێیهێشتووه، به تایبه‌تی ئه‌و شیکارییه‌ی بۆی کراوه، که ده‌گوترێ نێوه‌ڕۆکی ئه‌م رۆمانه‌ی هێماییه‌و باس له دژایه‌تیی نێوان مرۆڤ‌و ئه‌هریمه‌نه‌کان ده‌کا، که ره‌گیان له نێو (بوون)دا داکوتاوه، هه‌روه‌ها بۆ مه‌رگه‌ساتی (تاعوون)ه‌که‌ش له لایه‌ن رۆماننووسی ئینگلیزی (دانیال دیڤۆ) (1660 ـ 1731) خاوه‌نی رۆمانی (رۆبنسۆن کڕۆسۆ)و رۆماننوسی ئیسپانی (میگیل دی سێرڤانتس Miguel de Cervantes Saavedra) خاوه‌نی رۆمانی دۆن کیخۆته دی لامانشا)ه‌وه کاری تێکراوه.
له 4ی مانگی حوزه‌یرانی ساڵی 1960 له سه‌ر شه‌قامێکی گشتیدا ئوتومبێلی لێخوڕیوه، خۆی کێشاوه به دره‌ختێکداو گیانی خۆی له‌ده‌ست داوه. سه‌یر له‌وه‌دایه، له سه‌ره‌تای ژیانی ئه‌ده‌بییدا نووسیویه‌ت: "بێهوده‌ییترین مردن ئه‌ندێشه بکرێ مردنه به رووداوی ئوتومبێڵ!"

فوئاد عه‌بدولڕه‌حمان
|